وێنەى ژن لە پەندى پێشینانى کوردیدا
پەندى پێشینانى کوردى بەشێکى گرنگ و گەورەى فۆلکلۆرى کوردییە، سەرچاوەیەکى دەوڵەمەندە بۆ لێکۆڵینەوە و شەن و کەو کردنى ژیان و دید و تێڕوانینى کۆمەڵى کوردەوارى بۆ پرس و وێستگە جیاجیاکانى ژیان.
وێنەى ژن لە پەندى کوردیدا، وەك تەواوی تێڕوانینەكانی گەلانی تری دەوروبەر بۆ ژن لە ڕابردوودا، وێنەیەکى دڵخۆشکەر نییە بەو پێیەى کەمتر وەک مرۆڤێکى خاوەن جێگە و پێگەى ناو کۆمەڵى کوردەوارى لێی ڕوانراوە، بەڵکو زیاتر کەسایەتى ژن وەک مرۆڤێکى بێ دەسەڵات، ڕاڕا، ساویلکە و بێ وەفا یان وە کاڵایەک سەیرکراوە، دوالیزمەى خۆشبەختى و ناڕەحەتى، شەڕ و ئاشتى لەکەسایەتى ژندا بەرجەستە کراوە و پیاو لەتەواوى شکستەکان کراوەتە دەرەوە.