Preferred Language
Articles
/
alustath-1142
هونه‌ری چواندن له‌ شیعره‌كانی (گۆران)دا

چواندن به‌یه‌كێك له‌گرنگترین هونه‌ره‌كانی ڕوانبێژی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت، كه ‌پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ناو هونه‌ره‌كانی ڕه‌وانبێژیدا بۆ خۆی داگیركردووه‌. وه‌ كۆنترین هونه‌ره‌ كه‌ پێش په‌یدابوونی زانستی ڕه‌وانبێژی خه‌ڵكی له‌گفتوگۆی ڕۆژانه‌یاندا به‌كاریان هێنابێت، هه‌ر له‌سه‌ره‌تایی نووسینی شیعره‌وه‌ ده‌ست بۆ ئه‌م هونه‌ره‌ درێژكراوه‌ ، و شیعری پێ ڕازێنراوه‌ته‌وه‌، بێگومان هه‌تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی شیعر بنووسرێت و به‌رده‌وام بێت شاعیران ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌م هونه‌ره‌ ببن.

          ئێمه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا ویستوومانه‌ ( هونه‌ری چواندن ) په‌یوه‌ست به‌ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی یه‌كێك له‌دیارترین شاعیرانی كورد و ڕابه‌ری نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردی كه‌ ( عه‌بدوڵڵا گۆران )، بخه‌ینه‌ڕوو، شاعیر به‌شێوازێكی به‌رفراوان ئه‌م هونه‌ره‌ی له‌ ده‌قه ‌شیعرییه‌كاندا به‌كارهێناوه‌ و‌ توانیویه‌تی وێنه‌ی شیعری زۆر جوانی پێ بنه‌خشێنێت و داهێنانی تێدا بكات، به‌شێوازێك كه‌ پێشتر له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا نه‌بینرابێت.

          وه‌رگرتنی هونه‌ری چواندن و به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست كردنی به‌ده‌قه‌ شیعرییه‌كانی ئه‌م شاعیره‌وه‌، پێشتر كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵمانداوه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و جۆرانه‌ی (هونه‌ری چواندن) كه‌ شاعیر به‌كاری هێناوه‌، له‌‌ناوی ده‌قه‌ شیعرییه‌كانییه‌وه‌ بخه‌ینه‌ڕوو .

          توێژینه‌وه‌كه‌ خۆی له‌دووبه‌شی سه‌ره‌كیدا ده‌بینێته‌وه‌، له‌به‌شی یه‌كه‌مدا له‌پاش ناساندن و پێناسه‌كردنی هونه‌ری چواندن بنه‌ڕه‌ته‌كانی چواندنمان خستوه‌ته‌ڕوو، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ گرنگترین ئه‌و ئامرازانه‌ی چواندن كه‌ گۆران زۆر به‌كاری هێناون له‌نموونه‌ی شیعریدا خستوومانه‌ته‌ ڕوو، له‌به‌شی دووه‌می توێژینه‌وه‌كه‌دا، سه‌ره‌تا جۆره‌كانی چواندن به‌پێی هاتن و نه‌هاتنی بنه‌ڕه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان و دواتر جۆره‌كانی چواندن به‌پێی هه‌ستی ژیری په‌یوه‌ست به‌نموونه‌ی شیعری شاعیره‌وه‌ خستومانه‌ته ‌ڕوو، له‌پاشان جۆره‌كانی چواندنمان به‌ پێی چۆنییه‌تی لاكان و ژماره‌ی لاكان باس كردووه‌ و نمونه‌ی شیعری شاعیرمان بۆ هێناوه‌ته‌وه‌.

Crossref
View Publication Preview PDF
Quick Preview PDF